کوردی | العربية | English
به ڕێوه‌به‌رى كاروبارى كارگێڕى و خۆيه‌تى

بشار حسن على

ساڵى ‌ 2006 له ‌ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ده‌ست به‌كار بووه.
‌ساڵى2011 به‌رپرسى به‌شى خزمه‌تگوزارى بووه. ساڵى2009 سه‌رۆكى لێژنه‌ى وه‌رگرتن و پێدان بووه‌ له‌ سه‌رژمێرى گشتى.
‌ساڵى 2011-2020 به‌رپرسى به‌شى ووردبينى گرته‌ ئه‌ستۆ.
ساڵى 2020 تا ئێستا ئه‌ركى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى كارگێڕى و خۆيه‌تى له‌ ده‌سته‌ى ئامار پێڕاسپێردراوه‌ هه‌روه‌ها به‌شدارى چه‌ندين خول وۆركشۆپ كردووه‌.                                                                                                     

 

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به ڕێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى كارگێڕى و خۆيه‌تى:

  1. به‌ڕێوه‌بردنى ڕاسته‌وخۆى كاروبارى به‌شه‌ ئيدارييه‌كانى ده‌سته‌(خۆيه‌تى، ميلاكات، دۆسيه‌كان، كۆگا و هۆبه‌ى خزمه‌تگوزارى...هتد).
  2. به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى كارگێڕى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تييه‌كانى ئامارله‌ پارێزگاكان و ئيداره‌ سه‌ربه‌خۆكان.

به‌شى ئاماره‌كانى دانيشتوان و هێزى كار

به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى دانيشتوان و هێزى كار

گوهدار محمدعلى سعيد، له‌ ساڵى 2002 تا ئێستا ئه‌زموونى كاركردنى له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌. له‌ ساڵانى 2004-2005 به‌رپرسياريه‌تيى به‌شى ئاماره‌كانى پيشه‌سازيى پێ سپێردراوه‌ و له‌ 2005 تا ئێستا به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى دانيشتوان و هێزى كاره و له‌ ساڵى 2006 سه‌ره‌ڕاى ئه‌ركى خۆى، ئه‌ركى ئاماره‌كانى گواستنه‌وه‌ و گه‌ياندنى له‌ ئه‌ستۆ بوو‌. سه‌رپه‌رشتيى زۆرينه‌ى ئه‌و ڕووپێو و كاره ‌ئامارييانه‌ى كردووه‌ كه‌ له‌ به‌شى دانيشتوان و هێزى كار ئه‌نجام دراون. له‌ چه‌ندين خوڵى ڕاهێنان و وۆركشۆپى تايبه‌ت به‌ بوارى ئاماره‌كانى دانيشتوان و هێزى كار به‌شداريى كردووه‌. به‌شدارى و ڕۆڵى له‌ چه‌ندين كۆنفرانسى ناوچه‌يى و نێوده‌وڵه‌تى تايبه‌ت به‌ كارى ئامارى هه‌بووه‌. هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره‌ له‌ بوارى ديموگرافى له‌ زانكۆى Southampton ى به‌ريتانيا له‌ ساڵى 2014.

كورته‌يه‌ك له‌باره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

بوارى دانيشتوان يه‌كێكه‌ له‌ سه‌ره‌تاييترين ئه‌و بوارانه‌ى كه‌ زانيارى و داتاى له‌سه‌ر كۆ كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ك تۆماركردنى ژماره‌ى مرۆڤه‌كان و زانينى ژماره‌ى مردوان و له‌دايكبوان. هه‌بوونى زانيارى له‌باره‌ى دانيشتوان كۆله‌كه‌ى زۆرينه‌ى كاره‌ ئامارييه‌كانه‌ و ناسينى پێكهاته‌ و زانينى گۆڕانكارييه‌كانى دانيشتوان ڕۆڵێكى كارا و كاريگه‌رى له‌ پلاندانان و داڕشتنى سياسه‌ت و ستراتيژيه‌تى وڵات هه‌يه‌.

له‌ ئه‌گه‌رى بوونى ده‌رفه‌تى ئه‌نجامدانى سه‌رژمێريى دانيشتوان و ئاڤاهييا، ئه‌وه‌ به‌ گرنگترين و له‌ پێشينه‌ترين ئه‌ركى ئه‌م به‌شه‌ داده‌نرێت و گه‌وره‌ترين و گشتگيرترين چوارچێوه‌ى ئامارى له‌ گشت ڕووه‌وه‌ بۆ به‌شه‌كانى ترى ئامارى له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و ته‌نانه‌ت لايه‌نه‌كانى ترى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سته‌ى ئامار، حكومى يان ناحكومى، ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. له‌ ماوه‌ى نه‌بوونى سه‌رژمێريى دانيشتوان، ده‌سته‌به‌ركردنى زانيارييه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ژماره‌ و پێكهاته‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان و ئاراسته‌ى گۆڕانكارييه‌كان و هه‌روه‌ها مه‌زنده‌ و پێشبينييه‌كانى ئه‌م زانيارييانه‌ بۆ داهاتووى نزيك يان مامناوه‌ند، ئه‌ركى سه‌ره‌كيى ئه‌م به‌شه‌يه‌ له‌ ڕووى ئامارى دانيشتوان. هه‌وڵدان بۆ ڕێكخستنى ئامارى فه‌رمى له‌ بوارى دانيشتوان و يارمه‌تيدانى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌م ڕووه‌، يه‌كێكى تره‌ له‌ ئه‌ركه‌كانى ترى ئه‌م به‌شه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌، هه‌بوونى داتابێيسێكى تايبه‌ت به‌ يه‌كه‌كانى كارگێڕى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگا، قه‌زا، ناحيه‌، گه‌ڕه‌ك و گوند و تازه‌كردنه‌وه‌ى به‌رده‌وامى ئه‌م داتابێيسه‌ و به‌ستنه‌وه‌ى به‌ ژماره‌ و پێكهاته‌كانى دانيشتوان، به‌ ئه‌ركێكى ترى ئه‌م به‌شه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت.

هێزى كار، كه‌ په‌يوه‌سته‌ به‌ چينێكى تايبه‌ت به‌ دانيشتوان، و لێكدانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندنى پێكهاته‌كه‌ى له‌ ڕووه‌ تايبه‌ته‌كانى ئامارى هێزى كار، يه‌كێكه‌ له‌ بواره‌كانى ناساندنى ئاستى گه‌شه‌كردنى ئابوريى وڵات.

ئه‌نجامدانى ڕووپێوى تايبه‌ت به‌ هێزى كار و بازاڕى كار گرنگترين ئه‌ركى ئه‌م به‌شه‌يه‌. به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م جۆره‌ ڕووپێوانه‌، پێكهاته‌ى هێزى كار، جۆرى پيشه‌ و كاره‌كان، لقه‌كانى چاڵاكيى ئابورى، كه‌رته‌كانى كاركردن و چه‌ندين بوارى ترى ئاماره‌كانى هێزى كار بۆ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان ڕوون ده‌بنه‌وه‌ و خاڵه‌ به‌هێز و لاوازه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه‌ كارئاسانى بۆ پلانى تايبه‌ت به‌م بوارانه‌ و تازه‌كردنه‌وه‌ى پێويستييه‌كانى بازاڕى كار به‌پێى گۆڕانكارييه‌كان و داواكانى سه‌رده‌م.


به‌شى ئاماره‌كانى په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى

به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى

شوان عباس خضر له‌ ساڵى 2009 له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ده‌ست به‌كاربووه‌ و ئه‌زموونى كاركردنى تا ئێستا به‌رده‌وامه‌. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ده‌سته‌ى ئامار به‌شدارى كردووه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى سه‌رژمێرى گشتى دانیشتوان تاكو ساڵى 2011 و له‌هه‌مانكاتدا له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌كو یاریده‌ده‌رى به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى په‌ره‌وه‌رده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى كارى كردووه‌، له‌ ساڵى 2012 به‌رپرسى  به‌شى ئاماره‌كانى په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌ تا ئێستا‌. دواى بوونى به‌ به‌رپرسى به‌ش سه‌رپه‌شتى هه‌موو رووپێوه‌ ئامارییه‌كانى تایبه‌ت به ‌به‌شه‌كه‌ى كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم وه‌كو به‌رێوه‌به‌رى رووپێو، له‌هه‌مانكاتدا وه‌كو سه‌رپه‌رشتیارى ناوه‌ندى له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم سه‌رپه‌رشتى چه‌ند رووپێوێكى ترى كردووه‌ كه‌ له‌ده‌سته‌ى ئامار ئه‌نجامدراون. به‌شداریكردووه‌ له‌ چه‌ندین‌ ڕاهێنان، كۆبوونه‌وه‌، وۆركشۆپ و كۆنفرانسى نێوده‌وله‌تى له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان. وه‌كو ئه‌ندام له‌ لێژنه‌ى هه‌ژماركردنى نیشانده‌ركانى هه‌ژارى فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ MPI له‌گه‌ڵ زانكۆى Oxford ى به‌ریتانى و رێكخراوى یونیسێف كارى كردووه‌‌.  هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریوسه‌ له‌بوارى‌ ئامار له زانكۆى سه‌لاحه‌دین-‌ هه‌ولێر ساڵى‌  2008.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

 

به‌شى ئاماره‌كانى په‌روه‌رده‌ ، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ رێگاى ئه‌نجامدانى رووپێوه‌ خێزانییه‌كان نیشانده‌رى گرنگى به‌رده‌ست كردووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بواره‌كانى په‌روه‌ده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى و بارودۆخى گوزه‌ران بۆ دانانى پلان و ستراتیژى كاركردن و خسته‌به‌رده‌ستى ‌لایه‌نه‌كانى په‌یوه‌ندیدار‌. له‌ به‌ر نه‌بوونى سه‌رژمێرى گشتى دانیشتوان له‌ ماوه‌ى ساڵانى ڕابروو وه‌كو سه‌رچا‌وه‌ى گشتگیر بۆ  به‌رده‌سته‌ كردنى زانیارى له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان پیشت به‌ستراوه‌ به‌ ئه‌نجامدانى رووپێوه‌ خێزانییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى نیشانده‌رى تایبه‌ت به‌ بواره‌كانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ته‌ندروستى و بابه‌ته‌كانى تایبه‌ت به‌ بواره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى خێزانه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ڕه‌چاو كردنى هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خێزانه‌كان له‌ رووى دیمۆگرافییه‌وه‌. له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى تایبه‌ت به‌ بواره‌كانى ئاماژه‌ پێدراو له‌رێگاى تۆماره‌ فه‌رمییه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كانى په‌یوه‌ندیدار و نوێكردنه‌وه‌ى نیشانده‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ شێوه‌ى ساڵانه‌.

 

 ئه‌نجامدانى رووپێوى تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشى خێزان و ئافره‌تان و منداڵان كه‌ نیشانده‌ره‌كانى بوارى ته‌ندروستى و فێركرن و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ خۆوه‌ ده‌گرێت‌ به‌ كارێكى سه‌ره‌كى ئه‌م به‌شه‌ هه‌ژمارده‌كرێت.

 

ڕه‌وشى ژیان و گوزه‌رانى خێزانه‌كان بوارێكى ترى گرنگه‌ تایبه‌ت به‌ به‌شى ئاماره‌كانى په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى بانكى نێوده‌وله‌تى گه‌وره‌ترین و فراوانترین رووپێوى تایبه‌ت به‌ بوارى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى خێزانه‌كان و  نیشانده‌ره‌ گرنگه‌كانى ئه‌م بواره‌ به‌رده‌ست ده‌كات كه‌ ماوه‌ى یه‌ك ساڵى كاركردن ده‌خایه‌نێت،‌ سه‌ره‌كیترین ده‌ره‌نجامه‌كانى رووپێوه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ خه‌رجى و داهاتى تاك و خێزان و نوێكردنه‌وه‌ى سه‌به‌ته‌ى نرخى كالان كه‌ سوودى لێوه‌رده‌گیرێت بۆ هه‌ژماركردنى رێژه‌ى هه‌ڵكشان و داكشانى نرخى كالا خۆراكى و ناخۆراكيیه‌ به‌كارهاتووه‌كان له‌لایه‌ن خێزانه‌وه، له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ و دیاریكردنى هێل و رێژه‌ى نوێى هه‌ژارى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌م رێگایه‌وه‌ ده‌توانرێت به‌رچاوروونى ئاستى گه‌شه‌ى ئابوورى و گوزه‌را‌رانى دانیشتوان به‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ببه‌خشێت به‌مه‌به‌ستى دانان و پلانى ستراتیجى بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نه‌بوونى و ئاسته‌نگییه‌كانى ژیانى خێزانه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌ركێكى ترى ئه‌م به‌شه‌ داده‌نرێت.

 

لاوان بناغه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ن‌ و به‌شێكن له‌ دانیشتوان. بۆیه‌ بایه‌خ دان و په‌ره‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى توانستیان و سوود وه‌رگرتن له‌ تواناكانیان یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانى حكومه‌ت. ئه‌نجامدانى رووپێوى تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشى هه‌رزه‌كاران و لاوان بۆ زانینى بارودۆخ و پێداویستییه‌كانیان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانى ژیانیان كارێكى ترى ئه‌م به‌شه‌یه‌ كه‌ له‌رێگاى ئه‌نجامدانى رووپێوێكى تایبه‌ت و به‌رده‌ست كردنى نیشانده‌ره‌كانى تایبه‌ت پێیانه‌وه‌ ده‌توانرێت به‌رچاوى روونى به‌لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ببه‌خشێت بۆ دانانى پلان و ستراتیجییه‌ نیشتمانییه‌كان.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شى ئاماره‌كانى په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ ساڵى 2016 تا ئێستا هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌گه‌ل رێكخراوى خۆراكى جیهانى WFP بۆ زانینى ره‌وشى خۆراكى خێزانه‌كانى خۆجێیى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵسه‌نگاندنى ڕه‌وشى خۆراكى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى پارێزگاكانى هه‌رێم له‌رێگاى ئه‌نجامدانى رووپێوى مه‌یدانییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌ركێكى ترى ئه‌م به‌شه‌ داده‌نرێت.


به‌شى ئاماره‌كانى پيشه‌سازى

به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى پيشه‌سازى

محمد تۆفيق ره‌سول له‌ ساڵى 2008 له‌ده‌سته‌ى ئامار ده‌ست به‌كار بووه‌. وه‌ك هه‌ماهه‌نگكارى پڕۆژه‌ و سه‌رپه‌رشتيارى ناوه‌ندى سه‌رپه‌رشتى چه‌ندين ڕووپێوى كردووه‌ و به‌شدارى چه‌ندين خول و وۆركشۆپى تايبه‌ت به‌ئامار كردووه‌. هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره‌ له‌ بوارى ئامارى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌ زانكۆى (Southampton) له‌ ساڵى 2015.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

كه‌رتی پیشه‌سازی ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندن و پێشخستنی ئابوورى ووڵاتان به‌هۆی ده‌ستكه‌وتی داهات له‌به‌رهه‌مهێنان و به‌گەڕخستنی ده‌ستی كار كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆی به‌رهه‌می هه‌رێمی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش, به‌شى ئاماره‌كانى پيشه‌سازى له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم كار ده‌كات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى زانیاريى ئاماريى ووردی ساڵانه‌ی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌ڕێگاى ئه‌نجامدانى ڕووپێوى دامه‌زراوه‌كانى پيشه‌سازى به‌ هه‌موو جۆره‌كانييه‌وه‌ به‌ ئامانجى ناساندنى چاڵاكييه‌ پيشه‌سازيه‌كان و ‌خستنه‌ ڕووى چه‌ند نيشانده‌رێكى گرنگى تايبه‌ت به‌م سێكته‌ره‌.


به‌شى ئاماره‌كانى كشتوكاڵ و ژينگه‌

به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى كشتوكاڵ و ژينگه

دلاوه‌ر جليل أحمد له‌ ساڵى 2009 له‌ ده‌سته‌ى ئامار ده‌ست به‌ كار بووه‌ و سه‌رپه‌رشتى چه‌ندين رووپێوى كردووه‌ وه‌ك هه‌ماهه‌نگكارى پرۆژه‌ و سه‌رپه‌رشتيارى ناوه‌ندى. به‌شدارى چه‌ندين خول و وۆركشۆپى تايبه‌ت به‌ ئامارى كردووه‌ و هه‌ڵگرى بروانامه‌ى به‌كالۆريۆسه‌ له‌ بوارى ئامار له‌ زانكۆى سه‌لاحه‌دين له‌ ساڵى 2006-2007 .

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

كه‌رتى كشتوكاڵ له‌ هه‌موو جيهاندا وه‌كو سه‌رچاوه‌يه‌كى گرينگى دابينكردنى ئاسايشى خۆراك  و به‌ يه‌كێك له‌ بنچينه‌كانى به‌هێزكردنى گه‌شه‌ى ئابوورى وڵاتان ‌سه‌يرده‌كرێت.

 

سوپاس بۆ خواى گه‌وره‌ كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى گه‌شه‌سه‌ندنى كه‌رتى كشتوكاڵ به‌ شێوه‌يه‌كى باش بوونى هه‌يه به‌هۆى هه‌بوونى ئاو و هه‌وايه‌كى له‌بار و گونجاو و‌ خاكێكى به‌ پيت‌ كه‌ يارمه‌تىده‌ره‌ بۆ په‌ره‌پێدانى زياترى ئه‌م كه‌رته‌ .

 

به‌شى ئاماره‌كانى كشتوكاڵ و ژينگه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم, وه‌كو كارێكى پيشه‌يى  خۆى هه‌ڵده‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ى ته‌واوى زانياريه‌كانى تايبه‌ت به‌م كه‌رته‌ كه‌ رووپێوه‌كانى وه‌رزى وه‌كو چاندراوى به‌روبوومى زستانه‌ و هاوينه‌ و رووپێوه‌كانى كه‌رتى سامانى ئاژه‌ڵ له‌خۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها هه‌ڵده‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ى داتاكانى تايبه‌ت به‌ سه‌رچاوه‌كانى ئاو و چه‌ندين داتا و زانيارى تر كه‌ تايبه‌تن به‌ كه‌رتى كشتوكاڵ و ژينگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.


به‌شى ئاماره‌كانى گواستنه‌وه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كان

به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى گواستنه‌وه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كان

احمد وه‌هاب شهاب  له‌ساڵى 2013 له‌ده‌سته‌ى ئامار ده‌ست به‌كار بووه‌ و سه‌رپه‌رشتى  چه‌ندين ڕووپێوى كردووه‌ وه‌ك هه‌ماهه‌نگكارى پڕۆژه‌ و سه‌رپه‌رشتيارى ناوه‌ندى. به‌شدارى چه‌ندين خول و وۆركشۆپى تايبه‌ت به‌ئامار و په‌يوه‌ندى گشتى و كارگێڕى كردووه‌ و هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره‌ له‌ بوارى كارگێڕى كار له‌ زانكۆى (University of Picardie Jules Verne) ساڵى 2011.

 

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

كه‌رتى گواستنه‌وه‌ به‌ يه‌كێك له‌ كه‌رته‌ گرنگه‌كان داده‌نرێت ،چونكه‌  ڕۆڵێكى گرنگ ده‌گێڕێت له‌ چاڵاكى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تيدا. به‌شى ئاماره‌كانى گواستنه‌وه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كان له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم كار ده‌كات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى زانیاريى ئاماريى ووردی ساڵانه‌ و ‌ خستنه‌ ڕووى چه‌ند نيشانده‌رێكى گرنگى تايبه‌ت به‌م سێكته‌ره له‌ ڕێگاى ئه‌نجامدانى ڕاپۆرت و ڕووپێو كه‌ گرنگترينيان بريتين له‌ ئامارى چاڵاكى گواستنه‌وه‌ى  ئاسمانى، تۆمارى ئۆتۆمۆبێلى كه‌رتى تايبه‌ت و كرێ ، و ڕووداوه‌كانى هاتووچۆ.


به‌شى به‌ڕێوه‌بردن و شيكردنه‌وه‌ى داتا

به‌رپرسى به‌شى به‌ڕێوه‌بردن و شيكردنه‌وه‌ى داتا

ئه‌م به‌شه‌ له‌ لايه‌ن (رقيب بهاءالدين محمد) به‌رێوه‌ده‌بردرێت كه‌ هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره‌ له‌ بوارى ئامارى كۆمه‌ڵايه‌تى (Social Statistics) له‌ ساڵى 2014 له‌ وڵاتى به‌ريتانيا.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

به‌شى به‌ڕێوه‌بردن و شيكردنه‌وه‌ى داتا رۆلێكى سه‌ره‌كى هه‌يه‌ له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ر پرۆژه‌يه‌كى ئامارى به‌ تايبه‌ت رووپێوه‌كان, به‌ هه‌ماهه‌نگى كردن له‌گه‌ل سه‌رۆك به‌شه‌ ته‌كنيكييه‌كانى ده‌سته‌ى ئامار له‌ ئاماده‌كردنى پرۆگرامى تۆماركردنى داتا به‌ هه‌ردوو شێوه‌ى پرسيارنامه‌ى كاغه‌زى  PAPI و پرسيانامه‌ ئه‌ليكترۆنى CAPI به‌شدار ده‌بێت. كارى تايبه‌ت به‌ تۆمارى داتاكان بۆ پرسيارنامه‌ى كاغه‌زى له‌  راهێنانى تۆماركاران و سه‌رپه‌رشتياريكردنى كارى تۆمار كه‌ له‌ دواى كارى مه‌يدانى ئه‌نجامده‌درێت يان ئه‌گه‌ر ئامێرى ئه‌ليكترۆنى به‌كار بێت به‌ شێوه‌ى راسته‌وخۆ كارى تۆمارى زانيارييه‌كان له‌ كاتى چاوپێكه‌وتن زانيارييه‌كان له‌سه‌ر ئامێرى تابلێت ده‌بێت و دواتر له‌ رێگاى ئينته‌رنێت بۆ سه‌ر سێرڤه‌رى تايبه‌ت ده‌نێردرێن. له‌ دواى گواستنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنى داتاكان ده‌ست به‌ كارى شيكردنه‌وه‌ى داتاكان ده‌كرێت وه‌ك ئه‌ژماركردنى نيشانده‌ره‌كان و ده‌ر‌كردنى ئه‌نجامه‌كان به‌ پێى خشته‌كانى داواكراو و ئاماده‌كردنى راپۆرتى كۆتايى رووپێوه‌كان.  


به‌شى ته‌كنه‌لۆجياى زانيارى

به‌رپرسى به‌شى ته‌كنه‌لۆجياى زانيارى

ئه‌ندازيار  دڵدار على ابراهيم له‌ ساڵى 2004 له‌ ده‌سته‌ى ئامار ده‌ست به‌كار بووه‌ و له‌ ساڵى 2012 ‌ ئه‌ركى به‌رپرسى به‌شى ته‌كنه‌لۆجياى زانيارى وه‌رگرتووه.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

 

به‌شى ته‌كنه‌لۆجياى زانيارى به‌شێكى هه‌ره‌ گرنگى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستانه‌ و شان به‌شانى هه‌موو به‌شه‌ ئامارييه‌كانى ترى ده‌سته‌ى ئامار كار ده‌كات و ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى بريتين له‌ ئه‌مانه‌ى‌ خواره‌وه‌:

1- سه‌رپه‌رشتىكردنى پێگه‌ى ئه‌ليكتڕۆنى,

2- به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى تۆڕى ناوخۆيى و ئينترنێت,

3- دانان و دابينكردنى هه‌موو جوره‌ ئامێره‌كانى بوارى ته‌كنه‌لۆجياى زانيارى  (كۆمپيوته‌ر, ڤيديۆ كۆنفڕانس, پرينته‌ر, سكانه‌رو هتد.),


به‌شى ئاماره‌كانى بازرگانى

به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى بازرگانى

شه‌يما محمد شاكر احمد لە ساڵی 2003 لە دەستەی ئاماری هەرێم دەست بەکار بووە. له‌ ساڵی2005  تاوه‌كو ساڵی   2013 بەرپرسی بەشی ژمارەی پێوانەیی بووه‌ و وەک هەماهەنگکاری پڕۆژە و سەرپەرشتیاری ناوەندی سەرپەرشتی چەندین ڕووپێوی کردووە . بەشداری چەندین خولى ڕاهێنان و وۆرکشۆپی تایبەت بە سه‌رژمێرى و ئامار هه‌روه‌ها ژمێریارى نه‌ته‌وه‌یى کردووە و لە ساڵی  2019 بووه‌ به‌ بەرپرسی بەشی ئامارەکانی بازرگانی. هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى بەکالۆریۆسه‌ لە بواری ئامار له‌کۆلێژی زانستی کۆمپیوتەر ومه‌تمه‌تيك لە زانکۆی موسڵ له‌ ساڵی 2003. له‌ ساڵی 2015, بڕوانامەی ماستەر‌ لە بواری ئاماری پڕاکتيکی لە زانکۆی سەلاح الدین-هه‌ولێر وه‌رگرتووه‌.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

کەرتی بازرگانی ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری هەیە لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی ئابووری وڵاتان,

بۆ ئەم مەبەستە بەشی بازرگانی لە دەستەی ئاماری هەرێم کار دەکات بؤ بەدەستهێنانی زانیاری و داتاى هەمەجۆر لە كه‌رته‌كانى بازرگانى, گه‌شتيارى و وه‌به‌رهێنان له‌ ڕێگاى ئەنجامدانی ڕووپێوی ئاماری ساڵانە يان كۆكردنه‌وه‌ى داتا‌ له‌ ده‌زگاكانى حكومه‌ت بە مەبەستى پێناسەکردنی چاڵاکيه‌كانى ئابوورى و دەرخستنی نیشاندەره‌ گرنگه‌كانى لە ژێر ڕۆشنایی داتایەکی ورد و باوەڕپێکراو کە ببێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ پلانێکی گونجا و سوودوه‌رگرتن له‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان.


به‌شى ژماره‌يى پێوانييه‌كان و ژماره‌ى نه‌ته‌وه‌يى

شهله‌ هانى على

شهله هانى على له‌ ساڵی 2009 لە دەستەی ئاماری هەرێم دەست بەکار بووە , هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریوسه له ‌بوارى‌ ئامار ‌له زانكۆى موسڵ. له ساڵی ‌2013 تاوه‌كو ساڵی 2024 بەرپرسی بەشی ژمارەی پێوانەیی  بووه  و هه‌روه‌ها لە ساڵی  2019 تا ساڵی  2024 بەرپرسی بەشی ژمێریارى نه‌ته‌وه‌یى بووە. سەرپەرشتی چەندین ڕووپێوی کردووە وەک هەماهەنگ کاری پڕۆژە و سەرپەرشتیاری ناوەندی له‌ ده‌سته‌ى ئامار،  هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم  و عێراق بەشداری چەندین خولى ڕاهێنان و ڕووپێو و وۆرکشۆپی تایبەت بە سه‌رژمێرى له‌گه‌‌ل ده‌سته‌ى  ئامارى عێراق و بانكى نێوده‌وله‌تى و سندوق نقد نێوده‌وله‌تى كردووه‌.

 كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

به‌شى ژماره‌ى پێوانه‌يى نرخى به‌كاربه‌ر هه‌ڵده‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ى نرخى كه‌لوپه‌لى به‌كاربه‌ر, كرێى خانووبه‌ره‌, نرخى به‌رهه‌مه‌پێشه‌سازييه‌كان, نرخی موڵکی نیشتەجێبوون, هه‌وه‌ها ده‌ركردنى  ڕاپۆرت و هه‌واڵى رۆژنامه‌وانى مانگانه‌ و ساڵانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه و هه‌ژماركردنى ڕێژه‌ى هه‌ڵاوسان‌.

 سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ ، به‌شى ژماره‌ى پێوانه‌يى به‌ هاوكارى کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا ( (ESCWAله‌ ساڵى 2011 وه‌ كارده‌كات له‌ جێبه‌جێكردنى  به‌رنامه‌ى به‌راوردى نێوده‌وڵه‌تى به‌ مه‌به‌ستى دياركردنى هێزى كڕين له‌ هه‌رێم  به ‌به‌رواوورد به‌ ووڵاتانى جيهان. هه‌روه‌ها, به‌شى ژماره‌ى پێوانه‌يى له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم  به‌هاوكارى ده‌زگاى ناوه‌ندى ئامار و به‌شى زانستى سيسته‌مى جوگرافى كارده‌كات بۆ هه‌ژماركردنى كۆبه‌رهه‌مى ناوخۆييى له‌ هه‌رێمى كوردستان.


به‌شى بڵاوكردنه‌وه ‌و ڕاگه‌ياندن

به‌رپرسى به‌شى بڵاوكردنه‌وه ‌و ڕاگه‌ياندن

سعاد به‌كر فه‌قێ له‌ ساڵى 2004 له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم وه‌ك وه‌ڕگێڕ ده‌ست به‌كار بووه‌ و هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالوريوسه‌ له‌ زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددين له‌ به‌شى زمانى ئينگليزى. له‌ ساڵى 2014 وه‌ سه‌رۆكى به‌شى بڵاوكردنه‌وه ‌و ڕاگه‌ياندنه‌ ‌ و ئه‌ركه‌كانى به‌شى بڵاوكردنه‌وه‌ى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌شى بڵاوكردنه‌وه‌ و ڕاگه‌ياندن:

  1. ئاماده‌كردن و ڕێكخستنى ڕاپۆرتى هه‌فتانه‌ى كارو چاڵاكى به‌شه‌ ئامارييه‌كانى ده‌سته‌ى ئامار و ناردنى بۆ وه‌زاره‌تى پلاندانان.
  2. پێداچونه‌وه‌ و ووردبينى كردنى ڕاپۆرته‌ ئامارييه‌كان كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم به‌ هه‌ر سێ زمانى  كوردى،عربى و ئينگليزى ئاماده‌ ده‌كرێت پێش دانانى له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕ. 
  3. پێداچونه‌وه‌ و ووردبينى كردنى هه‌واڵه‌ ڕۆژنامه‌ييه‌كان كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم به‌ هه‌ر سێ زمانى  كوردى،عربى و ئينگليزى ئاماده‌ ده‌كرێت پێش دانانى له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕ. 
  4. پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاره‌ ئامارييه‌كان‌ كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ئاماده‌ده‌كرێن  به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌شه ئامارييه‌كان و ئاماده‌كردنيان بۆ بڵاو كردنه‌وه‌،
  5. پێداچوونه‌وه‌ به‌و كاره‌ ئامارييانه‌ يان ڕاپۆرتانه‌ى كه‌ له‌ لايه‌ن ڕێكخراوه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن به‌ پێى پێويست.
  6. به‌ڕێوه‌بردنى ماڵپه‌رى ده‌سته‌ى ئامار .
  7. به‌ دواداچوون و ئاماده‌كردن و ڕێكخستنى زانيارى و داتاى داواكراو بۆ به‌كاربه‌ران و وه‌زاره‌ت و ڕێكخراوه‌ حكومى و ناحكوميه‌كان.

به‌شى وه‌رگێڕان

به‌رپرسى به‌شى وه‌رگێڕان

هه‌دار حسو ميرخان، ده‌رچووى به‌شى زمانى ئينگليزى له‌ زانكوى سه‌لاحه‌ددين‌. ساڵى 2004  وه‌ك وه‌رگێڕ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ده‌ست به‌كار بوو‌‌. كارى وه‌رگێڕان كارى سه‌ره‌كى ئه‌م به‌شه‌يه‌ و له‌ پاڵ  كارى وه‌رگێڕان، پێداچوونه‌وه‌ به‌و بڵاوكراوانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كرێن.

ئه‌ركه‌كانى به‌شى وه‌رگێڕان

وه‌رگێڕانى ڕاپۆرته‌ ئامارييه‌كان كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم به‌ زمانى كوردى ئاماده‌ ده‌كرێن بۆ زمانى ئينگليزى،

وه‌رگێڕانى بابه‌ته‌ ئامارييه‌كان له‌ زمانى ئينگليزى بۆ كوردى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سته‌ى ئامار‌ ئاماده‌ ده‌كرێن به‌ پێى پێويست،

وه‌رگێڕانى هه‌واڵه‌ ڕۆژنامه‌ييه‌كان له‌ كوردى بۆ ئينگليزى و به‌ پێچه‌وانه‌،

پێداچوونه‌وه‌ به‌و كاره‌ ئامارييه‌كانه‌ كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ئاماده‌ده‌كرێن  به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌شه ئامارييه‌كان له‌ ده‌سته‌ى ئامار و ئاماده‌كردنيان بۆ كارى وه‌رگێڕان،

پێداچوونه‌وه‌ به‌و كاره‌ ئاماريانه‌ يان ڕاپۆرتانه‌ى كه‌ له‌ لايه‌ن ڕێكخراوه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن به‌ پێى پێويست.


به‌شى زانيارى جیوگرافی (GIS)

به‌رپرسى به‌شى زانيارى جیوگرافی (GIS)

پۆشان فاروق محمد له‌ ساڵى 2010 له‌ ده‌سته‌ى ئامار ده‌ست به‌كار بووه‌. به‌شداربووه له‌ كارى گه‌مارۆ سازى و ژماره‌ دانان و ئاماده‌كارييه‌كانى سه‌رژمێرى ساڵی  2010 ‌. وه‌ك هه‌ماهه‌نگكارى پڕۆژه ‌و ڕووپێوه‌كان له ‌ده‌سته‌ى ئامار به‌شدارى كردووه‌ له‌ چه‌ندين خولى تايبه‌ت به‌ سيسته‌مى زانيارى نه‌خشه‌ سازى  (GIS) و شيكردنه‌وه‌ى داتا .هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆريۆسه‌ له‌ كۆلێژى كشتوكاڵ زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددين بۆ ساڵى 2007-2008.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌شى زانيارى جیوگرافی (GIS):

سيسته‌مى زانيارى نه‌خشه‌ سازى (GIS) سيسته‌مێكى زانستى و سه‌رده‌ميانه‌يه. له ‌ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم سيسته‌مى زانيارى نه‌خشه‌ سازى پاڵپشتى هه‌موو به‌شه‌ ئامارييه‌كانه. ئەم بەشە بەرپرسە له‌‌ ئاماده‌ كردنى نه‌خشه‌ى سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى (پارێزگا وقه‌زاو ناحيه‌و گونده‌كان ) به‌شێوه‌ى (shape file). به‌شى زانيارى جیوگرافی له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم سه‌رچاوه‌ى فه‌رمييه‌ بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى داموده‌زگا حكومى و ڕێكخراوه‌كان بۆ دروستكردنى  (نه‌خشه‌ى سنوره‌كانى هه‌رێم و نه‌خشه‌ى ئيدارى هه‌رێمى كوردستان و پارێزگاكان,نه‌خشه‌ى ڕووبار و به‌نداوه‌كان,نه‌خشه‌ى به‌رزى و نزمى هه‌رێمى كوردستان و سنورى ئيداره‌ سه‌ربه‌خۆكان) به ‌شێوه‌يه‌كى سه‌رده‌ميانه. له‌كاتى هێنانه‌كايه‌ى هه‌ر پارێزگا و قه‌زا و ناحيه‌يه‌كى نوێ یان له‌كاتى ئەنجامدانی گۆرانکاری لە سنورەکانیان پشت ده‌به‌سترێ به‌ برياره‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان.


بەشی ژمێریاری

بەرپرسی بەشی ژمێریاری

كوردستان نه‌جات سامى له ‌سالى 2005 له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى له ‌به‌رێوه‌به‌رايه‌تى گشتى بازرگانى له‌ به‌شى كه‌ره‌سته‌ى بيناسازى ده‌ست به‌كاربووه‌.  له‌ سالى 2008 گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ  ‌به‌شى ژمێريارى له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم. به‌شدارى چه‌ندين خول وۆركشۆپى تايبه‌ت به ژمێريارى ‌ كردووه‌. هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى به‌كالۆريۆسه‌ له كۆلێژى ‌كارگێرى ئابوورى  (اداره‌ اقتصاد) له‌ به‌شى كارگێرى كار.

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

به‌شه‌كه‌مان كارده‌كات له‌ بوارى  بووجه‌, مووچه,پێشينه‌ى كاركردن و بووجه‌ى سالانه‌ى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم ‌و به‌رێوه‌به‌رايته‌كانى سه‌ر به‌ ده‌سته‌ى ئامار.  هه‌روه‌ها كارده‌كات له‌سه‌ر رێكخستنى مووچه‌ى مانگانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌ميشه‌يى و فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست‌ ، له‌سه‌ر پێشينه‌ى به‌رده‌وام  و پێشينه‌ى جۆراو جۆر ، لو بووجه‌ى‌ پرۆژه‌كانى حكومى و پرۆژه‌ى رێكخراوه‌كان . 


هۆبه‌ى خزمه‌تگوزارى

به‌رپرسى هۆبه‌ى خزمه‌تگوزارى

‌هێمن صمد طه‌ ساڵى 2008 له ‌ده‌سته‌ى ئامار ده‌ست به‌كار بووه‌، سه‌ره‌تا وه‌ك شوفير ده‌ست به‌كاربووه‌ دواتر كارى به‌رپرسى هۆبه‌ى خزمه‌تگوزارى گرته‌ ئه‌ستۆ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ له‌ كار . قوتابى په‌يمانگا له‌ به‌شى كارگێڕى ياسا .

 

كورته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى ئه‌رك و كاره‌كانى به‌ش:

  1. ڕێكخستنى كاروبارى شوفێره‌كان، خزمه‌تگوزراييه‌كان و كارمه‌ندى پرسگه‌.
  2. ڕێكخستنى كاروبارى ده‌رچوون به‌ كارى ده‌سته‌ له‌ ده‌سته‌ بۆ فه‌رمانگه‌كانى تر.
  3. به‌دواداچوونى كاروبارى پرسگه‌و پاسه‌وانه‌كان
  4. به‌ڕێوه‌بردنى كارى خزمه‌تگوزارى هۆڵه‌كانى (كۆبوونه‌وه‌، مه‌شق و ڕاهێنان، هۆڵى ته‌رميز وگشت به‌شه‌كانى ده‌سته‌...هتد).
  5. دابين كردن و سه‌رپه‌رشتى كردنى خزمه‌تگوزارييه‌كانى ده‌سته‌ وه‌ك(كاره‌با،ئاو، مۆليده‌...هتد).
  6. ڕێكخستن و سه‌رپه‌رشتى كردنى كارى دابين كردنى ئۆتۆمبێل بۆ گواستنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران.
  7. سه‌رپه‌رشتى نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ى كه‌ل و په‌ل، ئۆتۆمبێل، مۆليده‌و هاوكارى كردنى له‌گه‌ڵ لێژنه‌كانى كڕين و چاككردنه‌وه‌.