کوردی | العربية | English
وه‌زیرى پلاندانان: له ‌هه‌ولًه‌كانمان به‌رده‌وامين بۆ دۆزینه‌وه‌ى بازاڕى كار بۆ ده‌ستى كارى ناوخۆيى
6 November 2022

د.دارا ره‌شید وه‌زیرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌‌ ده‌رئه‌نجامى هه‌موو ڕووپێوێك به‌رچاوڕوونى زیاترمان پێده‌دات بۆ ده‌ست نیشانكردنى كه‌م و كوڕى و لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانى " ئه‌م ووته‌ى وه‌زیرى پلاندانان له‌میانى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مرۆ چوارشه‌مه‌ 2-11-2022 هات له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ڕێكخراوى UNDP و ستافى هونه‌رى تيمى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ به‌ئاماده‌بونى سه‌‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و هه‌ماهه‌نگكارانى ڕووپێو له‌ ده‌سته‌ى ئامار.

له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا، دوایين ده‌رئه‌نجامى ڕووپێوى دامه‌زراوه‌كانى ئابوورى زۆربچوك، بچوك و مام ناوه‌ند (MSME) خرایه‌ڕوو كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم‌ به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ل ڕێكخراوى UNDP و به‌ پاڵپشتى دارايى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان (USAID) ئه‌نجامیاندابوو” ڕوپێوه‌كه‌ ئامار و داتاى وردى له ‌باره‌ى ژماره‌ى دامه‌زراوه‌كانى زۆربچوك، بچوك و مامناوه‌ند، ‌ده‌ستى كار و تۆمارى دامه‌زراوه‌كان خسته‌ڕوو له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ى به‌شدارى ئافره‌تان له‌ خاوه‌ندارێتى ده‌مه‌زراوه‌كان و ئه‌و ئاسته‌نگ و گرفتانه‌ى ڕووبه‌ڕوويان ده‌بێت و چه‌ند نيشانده‌رێكى گرنگى تر.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، د.دارا ڕه‌شید ئاماژه‌ى به‌ گرنگى ئه‌نجامدانى ڕوپێوه‌كه‌ كرد كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پلانه‌ ستراتیژیه‌كانى وه‌زاره‌ت، به‌ئامانجى دۆزینه‌وه‌ى میكانزمى گونجاو بۆ زیاتر ڕه‌خسانى هه‌لى كار بۆ ده‌رچوانى زانكۆ و په‌یمانگاكان و بره‌ودان به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى پیشه‌يى و تواناكانى ده‌ستى كار له‌كه‌رتى تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ى نه‌هێشتنى ڕوتین و چاكسازيكردن له‌تۆماركردنى دامه‌زراوه‌ نافه‌رميه‌كان و ڕۆڵ بینینى زیاترى كه‌رتى تایبه‌ت هاوشانى كه‌رتى حكومى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

 

له‌به‌شێكى ترى كۆبونه‌وه‌كه‌ وه‌زیرى پلاندانان ووتى ده‌مانه‌وێت بازاڕى كار بۆ ده‌ستى كارى ناوخۆيى زیاتر بكه‌ین و كارئاسانیش بۆ به‌بازاركردنى به‌رهه‌مه‌كانیان بكه‌ین بۆئه‌وه‌ى ئه‌و ماف و ئیمتیازاتانه‌ى له‌كه‌رتى تایبه‌ت هه‌یه‌ هاوشێوه‌ى كه‌رتى گشتى (حكومى) پارێزراوبێت به‌تایبه‌ت له‌ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و خانه‌نشینى بۆیان. هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌درا به‌ راسپارده‌كان بۆ لايه‌نى په‌يوه‌نديدار بۆئه‌وه‌ى بتوانن سوود له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانى روپێوو ببينن بۆ مه‌به‌ستى گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى ئابوورى.

 

شايه‌نى باسه‌ ئه‌م ڕووپێوه‌ يه‌كێكه‌ له‌ ڕووپێوه‌ ئابووريه‌ گرنگه‌كان و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم له‌ ناوه‌راستى ساڵى 2021 ئاماده‌كارى بۆكرا بۆ ئه‌نجامدانى ڕوپێوه‌كه،‌ كارى مه‌يدانى له‌ ئادارى-2022 به‌شێوه‌ى چاوپێكه‌وتنى ڕاسته‌خۆى له‌گه‌ڵ خاوه‌نكاره‌كان لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئامار لە پارێزگاکان وئیدارە سەربەخۆکان و بڕياره‌ له‌ ماوه‌يه‌كى نزيكدا ده‌رئه‌نجامه‌كان ڕابگه‌يه‌نرێت له‌كۆنفراسێکی تايبه‌ت به‌ئاماده‌بوونى لايه‌نى په‌يوه‌نديدارونوێنه‌رانى ڕێكخراوه‌كان.