کوردی | العربية | English
ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان و ئاڤاهييا 2024
26 November 2024

ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان و ئاڤاهييا 2024

دواى كۆتاييهاتنى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوانى عێراق له‌ گشت پارێزگاكان بو تومار کردنی ئەندامانی خێزان ، ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاييه‌كانى ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ نيشتيمانييه‌ گه‌وره‌يه‌ ڕاده‌گه‌ينين. ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركى كۆكردنه‌وه‌ى زانيارييه‌ ورده‌كانى تايبه‌تمه‌ندييه‌ ديموگرافى، كۆمه‌ڵايه‌تى، ته‌ندروستى، و پيشه‌ييه‌كان و هه‌روه‌ها زانيارييه‌كانى نيشته‌جێبوون و له‌دايكبوون و مردن و بارى ئاسته‌نگدارى له‌ هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ و ئاماده‌يه‌ بۆ ڕاپۆرتى كۆتايى و ورد بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان.

يه‌كه‌م: تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى دانيشتوان

1- دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان 6,370,668 كه‌سه‌، به‌ خه‌ڵكى خۆجێى و بيانييه‌وه‌‌.

(تێبينى: ناوه‌ندى قه‌زاى شێخان و ناحيه‌ى زيلكان له‌ قه‌زاى شێخان و ناحيه‌ى فايده‌ له‌ قه‌زاى سێمێل له‌ پارێزگاى دهۆك و قه‌زاى مه‌خمور له‌ پارێزگاى هه‌ولێر و ناحيه‌كانى كۆكس و نه‌وجول و چه‌ندين گوندى ده‌وروبه‌رى چه‌مچه‌ماڵ له‌ پارێزگاى سلێمانى له‌گه‌ڵ ژماره‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌ژمار نه‌كراون. هه‌روه‌ها پێويسته‌ تێبينيى ئه‌وه‌ش بكرێت كه‌ ده‌يان هه‌زار كه‌سيش گه‌ڕابوونه‌وه‌ كه‌ركوك و مه‌خمور و ناوچه‌كانى ترى كێشه‌ له‌سه‌ر .)

2- ڕێژه‌ى دانيشتوان له‌ شارنشين و گوندنشين به‌م شيوه‌يه‌ دابه‌ش بووه‌:

- ڕێژه‌ى شارنشين: 84.0%

- ڕێژه‌ى گوندنشين: 16.0%

3- ژماره‌ى خێزانه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌يشتۆته‌ 1,379,163 خێزان.

4- تێكڕاى قه‌باره‌ى خێزان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌ 4.6 كه‌س.

5- له‌ كۆى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان، ژماره‌ى پياوان 3,200,506 كه‌سه‌ و ئافره‌تان ژماره‌يان 3,170,162 كه‌سه‌. به‌م پێيه‌، ڕێژه‌ى پياوان 50.24% و ڕێژه‌ى ئافره‌تان‌ 49.76% ده‌بێت.

6- ڕێژه‌ى ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌ ئافرەت سه‌رۆكى خێزانه‌ 11.86% و ئه‌وانه‌ى كه‌پیاو سه‌رۆكى خێزانه‌ بريتييه‌ له‌ 88.14%.

7- دابه‌شبوونى ژماره‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌ر گروپه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى ته‌مه‌ن به‌م شێوه‌يه‌يه‌:

1- دانيشتوانى ژێر ته‌مه‌نى كاركردن (كه‌متر له‌ 15 ساڵ): 31.9%

2- دانيشتوانى ته‌مه‌نى كاركردن (15-64 ساڵ): 63.7%

3- دانيشتوانى سه‌رووى ته‌مه‌نى كاركردن (65 ساڵ و سه‌رووتر): 4.4%

به‌م شێوه‌يه‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌وتۆته‌ قۆناغى په‌نجه‌ره‌ى ديموگرافى كه‌ له‌م قۆناغه‌دا پێويسته‌ ڕێژه‌ى دانيشتوانى ته‌مه‌نى كاركردن 60% و سه‌رووتر بێت.

8- به‌راورد به‌ ئه‌نجامه‌كانى گه‌مارۆسازى و ژماره‌دانانى ساڵى 2009 كه‌ ژماره‌ى دانيشتوانى هه‌رێمى كوردستان 4,389,258 كه‌س بوو، تێكڕاى گه‌شه‌ى دانيشتوانى هه‌رێم كوردستان بريتييه‌ له‌ 2.48%.

دووه‌م: تايبه‌تمه‌ندييه‌كانى نشينگه‌

به‌پێى ئه‌نجامه‌كانى گه‌مارۆسازى و ژماره‌دانانى ساڵى 2024، ژماره‌ى يه‌كه‌ى نيشته‌جێبوون له‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌يشتۆته‌ 2,028,937 يه‌كه‌.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان/وەزارەتی پلاندانان