لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز وەزیری پلاندانان، لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی هاوکاری و هەماهەنگی پەرەپێدان لە وەزارەتی پلاندانان، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکمان کرد لە هوتێل دیدەمان لە شاری هەولێر لەگەڵ بەڕێزان بریکاری وەزارەتەکانی پەروەردە و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە بەشداری بەرێزان ڕاوێژکار و بەرێوەبەرە گشتیەکان لە وەزارەتەکانی پەروەردە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و شارەوانی و گەشت و گوزار و نوێنەرانی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەم کۆبونەوەیە بە هاوکاری ڕێکخراوی یونیسێف ڕێک خرا بە مەبەستی خستنە ڕووی ئەنجامەکانی دیراسەتی (وەبەرهێنانی زیاتر بۆ مناڵان لە هەرێمی کوردستان) لە سێکتەرەکانی پەروەردە، کۆمەڵایەتی و ئاو و ئاوەرۆ) کە وەزارەتی پلاندانان بە هاوکاری یونیسێف ئەنجامی دابوو.
ئەم دیراسەتە ووردەکاری بودجەی تەرخان کراو بۆ ئەو سێکتەرانەی شی کردووە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو و پێداچوونەوەی کرد بە داتاکان و نیشاندەرەکان کە وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی خستیان بەر دەست بۆ هەردوو بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنانی حکومی لەو ماوەیە و تیایدا کەموکورتیەکان لە ڕووی دابەش کردنی ئەو دوو بودجەیە بۆ پڕ کردنەوەی پێویستیەکان ئاماژەیان پێ درا لەگەڵ بەردەوام بوونی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان لەو ١٠ ساڵە.
بیر و بۆچوونی بەشداربووان لەسەر ئەنجامەکانی دیراسەتەکە لەم کۆبونەوەیە بە ڕاشکاوانە باسی لێوە کرا بۆ زیاتر لێ تێگەیشتن لێیان و داوا کرا کە شی کردنەوەی قووڵتر بکرێ بۆیان تاکو بتوانرێ بەرنامە و ستراتیژی وەزارەتەکان باشتر بکرێ بۆ خزمەتی مناڵان لە هەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژە پێکردنە، وەزارەتی پلاندانان لە قۆناغی داهاتووی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف کار دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێ کردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەکان کە لە کۆتایی کۆبونەوەی ڕێکەوتى 24/5/2023 گفت و گۆی لەسەر کرا.