کوردی | العربية | English
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، سیروان محه‌مه‌د له‌ هه‌فپه‌یڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو
6 January 2019

سه‌رۆكى ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، سیروان محه‌مه‌د له‌ هه‌فپه‌یڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ورده‌كاریی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ ساڵی ٢٠٢٠ ئه‌نجامبدرێت ده‌خاته‌ڕوو و رایدەگەیەنێت، بڕیاره‌ له‌ چاره‌كی كۆتایی ٢٠٢٠ سه‌رژمێریی گشتی دانیشتوان ئه‌نجامبدرێت كه‌ چه‌ند رۆژێك ده‌خایه‌نێت و به‌ ئه‌لیكترۆنی له‌ رێگه‌ی تابلێته‌وه‌ ده‌بێت، هەروەها ئاشکراشی دەکات کە پێویستییان به‌ ٢٠ بۆ ٣٠ هه‌زار كه‌س ده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی، ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٥٠ ملیار دیناری بۆ قۆناغی یەکەمی سه‌رژمێری گشتی دانیشتوان تەرخانکردووە. 

دەقی هه‌فپه‌یڤینەکەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، سیروان محه‌مه‌د:
 
ئاژانسی ئانادۆڵو: چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند کە عێراق لە ٢٠٢٠ سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجام دەدات، ئەم سەرژمێرییە چۆنە و چی پێویستە؟

سیروان محەمەد: عێراق لە ساڵی ١٩٨٧ەوە سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی ئەنجام نەداوە و لە ساڵی ١٩٩٧یش سەرژمێریی کرد، بەڵام بەبێ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو کاتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدارەی خۆی ھەبوو و حکوومەتی پێشووتری عێراق لەسەر حوکم بوو و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە عێراق ھەوڵی دا سەرژمێری گشتی ئەنجام بدات و یاسای ژمارە ٤٠ی ساڵی ٢٠٠٨ی پەسەندکرد و لە ساڵی ٢٠٠٩ بەکردەیی دەستکرا بە ئامادەکارییەکان، ھەوڵەکە وابوو لە مانگی ١٠ی ٢٠١٠ سەرژمێرییەکە ئەنجامبدرێت، ئەو کات لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگای کەرکووک نوێنەری یەک دوو لایەنی سیاسی نەیاندەویست بکرێت، بەخوێندنەوەی ئێمە دوای چەند کۆبوونەوەیەکی لێژنەی باڵا ئەوان مەبەستیان ئەوەبوو کە کورد لەو دوو پارێزگایە رەنگە زۆرینە بێت یان بەشێکی گرنگ بێت و بەقەناعەت و بۆچوونی خۆیان ئەوە بۆ ئەو چەند لایەنە سیاسییەی ئەو دوو پارێزگایە باش نییە، ئەوان بە ئەنقەست بابەتی سەرژمێریی کە بابەتێکی ھونەرییە تێکەڵیان کرد بە بابەتی سیاسی، لەگەڵ ئەوەی زانیبووشیان سەرژمێری ھیچ کاریگەرییەکی نابێت لە ھەر بابەتێکی سیاسی یان یاسایی کە پەیوەستە بەو ناوچانە.
لە ساڵی ٢٠١٠ جاریکی دیکە ھەوڵەکان چڕکرایەوە تا گەیشتین بەو ئاستەی لە مانگی ١٠دا کۆبوونەوەیەکی گشتی فراوان رێکخرا بە ئامادەبوونی سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکان و وەزیری پلاندانانی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگارەکان، کۆبوونەوەکە نەگەیشت بەھیچ و بێ ئەوەی بڕیار لە ئەنجامدانی سەرژمێری بدرێت کۆتایی پێھات، وەزیری پلاندانانی عێراق رۆڵێکی نێگەتیڤی لەو ھاوکێشەیەدا بینی و لایەنگیری لایەنەکانی تر بوو، خۆی بەڕەچەڵەک لە پارێزگای نەینەوا بوو، رۆڵی سەرەکی ھەبوو لە جێبەجێ نەکردن یان ئەنجامنەدانی سەرژمێری لە ساڵی ٢٠١٠دا، دوای ئەوە ھەوڵەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری ھیچ سوودی نەبوو تا شەڕی داعش.
لە ساڵی ٢٠١٧ حکوومەتی عێراق دیسانەوە بیری لە ئەنجامدانی سەرژمێری کردەوە و لە یەکی نیسانی ئەمساڵ ٢٠١٩ بڕیاری دا سەرژمێری گشتی ئەنجام بدرێت، پێشتر چەند کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و ھەرێم و بە ئامادەبوونی چەند لایەنێکی شارەزای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بزانیین سەرژمێری بەچی شێوازێک بکرێت، ئەوە بوو وەزارەتی پلاندانان و دەزگای ئاماری عێراق بڕیاریان دا بەشێوازی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت کە مەبەست لێی ئەوەیە بە تابلێت بچیتە مەیدان و داتا کۆبکەیتەوە ھاوشێوەی سەرژمێری وڵاتانی میسر و ئوردن کە لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بە تابلێت ئەنجامیان دا.
لە بوودجەی گشتی عێراق بۆ ئەمساڵ نزیکەی ٥٠ ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە، بەشێکی بۆ ھەرێمی کوردستانە و خەریکی رێککاری کارگێڕیین بۆ وەرگرتنی ئەو بەشە بوودجەیە.
لە ٢١ی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی باڵا لە بەغدا ئەنجامدرا و بە ئامادەبوونی ھەردوو ئەندامەکەی ھەرێمی کوردستان، ئیتر ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێری ئەنجام بدرێت.
ئەمجارە رەنگە سەرژمێری جگە لەوەی ئەلیکترۆنییە یەک رۆژ نەخایەنێت، جاران عێراق شەو و رۆژێک قەدەغەکردنی ھاتوچۆی رادەگەیاند و لە یەک رۆژدا عەدادەکان دەچوونە شوێنەکان، رەنگە سەرژمێریی ئەمجارە چەند رۆژێک بخایەنێت، ئێمەش لە دەستەی ئاماری کوردستان ھەوڵ دەدەین لەگەڵ دەزگای ئاماری عێراق ئەو کارە بکەین و خۆمان ئامادەدەکەین.
 
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچی سەرژمێریی گرنگە؟ بەتایبەت ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدەدرێت؟

سیروان محەمەد: ھەر وڵاتێک ئەگەر بناغەیەکی داتای لەسەر ئاستی بچووکترین یەکەی کارگێریی نەبێت کاریگەریی لەسەر پلانەکانی گەشەپێدانی ئەو وڵاتە دەبێت، ئێمە لە دەستەی ئامار و لە دەزگای ئاماری عێراق دەیان رووپێوییمان ئەنجامداوە، بەڵام ئەم رووپێوییانە پێویستییان بە بناغەیەکی چوارچێوەی رێکوپێک ھەیە بۆ ئەوەی نموونەیان لێ دەربھێنین، زۆرجار ئەو نموونانە لە چوارچێوە قۆناغی یەکەمی ئامادەکاری بۆ سەرژمێری دەردەچێت کە پێی دەگوترێت گەمارۆسازی و ژمارەدانان، ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە عێراق ئەنجامدرا و تاوەکو ئێستا ئێمە بەکاری دەھێنیین بۆ دەرھێنانی نموونە بۆ ئەو رووپێوییانە، بەڵام دەیان گەڕەک زیادیان کردووە، سنوورە کارگێڕییەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە، پارێزگای ھەڵەبجە دروست بووە بۆ نموونە، ئێمە پێویستییمان بەوەیە ئەم بناغەیە نوێ بکەینەوە. لە ساڵی ٢٠١٠ بەنموونە عێراق ١٠٩ قەزای ھەبوو، ئێستا عێراق ١٦٣ قەزای ھەیە، واتە دەیان قەزا زیادی کردووە. لە وەرگرتنی نموونەکان لە رووپێوییەکان ئەمە زۆر گرنگە، ھەروەھا پلانی حکوومەتەکان لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی پەروەردەییەوە پێویستییان بە سەرژمێری ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەی پێنج ساڵە و دە ساڵە خۆیان جگە لە بەرنامەی ساڵانە دابڕێژن.

ئاژانسی ئانادۆڵو: دەگوترێت سەرجەم ئەو سەرژمێرییانەی بۆ دانیشتوان کراون لە عێراق لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧ بێ خەوش نەبوون، ئێوە گەرەنتی ئەوە دەکەن سەرژمێرییەکەی ٢٠٢٠ تەواو و خاوێن بێت؟ ئەی ئەو رێگرییانە چیین کە وەکو مەترسیی بەردەم رێگەکە دەیبینن؟

سیروان محەمەد: سەبارەت بە مەترسییەکان یەکەم شت مەسەلەی کاتەکەیە، ئێمە دەزانین لە وڵاتی میسر کە سەرژمێری ئەلیکترۆنی ئەنجامدرا ئامادەکارییەکانی نزیکەی سێ ساڵی ویست، ئێمە ئێستا ١٦ مانگمان لەبەردەستدا ھەیە، ئەمە فشارێکی زۆر دەخاتە سەرمان، چی لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستانیش، ئەم مەترسییە لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵا باسمان کردووە، دووەم مەسەلەی فۆرمی سەرژمێرییەکە کە یەک دوو پرسیاری تیادایە و کاتی خۆی بوونە ھۆی ئەوەی سەرژمێرییەکە نەکرێت، ئەگەر ھەمان پرسیار مابێتنەوە ئەوا مەترسی دەبێت دیسانەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرژمێری، بەڵام ئێمە لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵا و لەگەڵ وەزیری پلاندانانیشدا باسمان لەو خاڵە کرد کە ئەوە و ھەر خاڵێکی سیاسی لە فۆرمەکە ھەبێت و مەترسی ھەبێت لەسەر سەرژمێری پێویستە لاببرێت، ھەروەھا پێویستە لایەنە سیاسییەکان پابەندبن بە دەست تێ نەوەردانیان لە بابەتی سەرژمێری، چونکە ئەمە پرسێکی ھونەرییە و بۆ وڵاتە و پەیوەندیی بە ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم بۆ نموونە نییە، یان بەرکەوتەیەکی دیکەی یاسایی پەیوەست بە خاوەندارێتێ، چونکە ماددەی ١٤٠ی دەستوور ھەیە و ئەو پرسانە لەوێ چارەسەر دەکرێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی سەرژمێرییەکە دڵنییان خاوێن و تەواو دەبێت؟
 
سیروان محەمەد: ئەگەر بەو رێرەوە بڕوات کە باسمانکرد لە رووی جێبەجێکردنی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانەوە لە بواری سەرژمێری، بڕوا ناکام شتێکی ئەوتۆ بێتە رێگە، ئێمە داوامان لە رێکخراوێکی تایبەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ھاوکارمان بێت لە رووی تەکنیکی و لە کاتی ئامادەکاری و جێبەجێکردنی سەرژمێری بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت بەلایەنەکانی ناو عێراق کە لایەنێکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەیە دەکات، ئەمە پێشتریش ھەبوو.

ئاژانسی ئانادۆلۆ: رۆڵی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێکردن و بەگشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی چی دەبێت لە پرۆسەی سەرژمێریی ٢٠٢٠ی عێراق؟

سیروان محەمەد: سەرپەرشتی تەکنیکی دەکەن، قۆناغەکانی ئامادەکاریی بۆ سەرژمێری کە ھەردوو دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق و دەستەی ئامار دەیانکات ئیدی ئەوان بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆسەکە و ھەنگاوەکان دەدەن بۆ ئەوەی باشترین شێوە جێبەجێ بکرێت، ئەگەریش پێویست بکات داوایان لێ دەکرێت نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ مەیدان بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەڕێوەدەچێت.
 
ئاژانسی ئانادۆڵو: تێچوو و خەرجییەکانی سەرژمێرییەکە لە رووی مادییەوە چەند دەبێت؟

سیروان محەمەد: ھێشتا ئەو حسابەمان نەکردووە، بەڵام پارەیەکی باشی دەوێت، چونکە کڕینی تابلێت زۆری دەوێت، ئیتر ئەگەر سەرژمێرییەکە لە رووی کاتەوە زۆری خایاند تابلێتی کەمتری دەوێت بەنموونە، بۆیە پشت بەوە دەبەستێت کە چەند رۆژ دەبێت، ئینجا تێچووی مەشق و راھێنانمان ھەیە، ئێمە پێویستمان بە ٢٠ بۆ ٣٠ ھەزار کەس دەبێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە بۆ چەند رۆژێک.
لە ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ئەو پرۆسەیە تەرخانکرابوو، ئەمجارەش پێشبینی دەکەین نزیکەی ئەو پارەیەی تێ بچێت، بەڵام بەتەنھا بۆ ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٥٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە و ئەگەر پێویستی تر ھەبوو حکوومەتی عێراق بودجەی بۆ تەرخان دەکات.

ئاژانسی ئانادۆڵو: بەشێک لە لایەنە کوردستانییەکان ترسیان لەوە ھەیە سەرژمێری ٢٠٢٠ مەبەستی سیاسیی لە پشتەوە بێت، بەتایبەت دوای ماوەیەکی کەم لە لێکەوتەکانی ریفراندۆم و رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دێت، بۆچوونتان لەمبارەیەوە؟

سیروان محەمەد: وەکو چۆن لە ساڵی ٢٠١٠ش باسمانکرد، بوونی ھەر نەتەوەیەک لە ھەر شوێنێک مانای ئەوە نییە قەبارەی ئەو نەتەوەیە لەو شوێنە ئەوە نییە لەبەر ھەر بارودۆخێکی سیاسی بێت، بۆ نموونە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ھەیە، بوونی ئەوان لێرە مانای ئەوە نییە ئەوان خەڵکی ئێرەن و موستەحەقی ھەر بابەتێکی سیاسی یان یاسایی بن، ئەوان لە شوێنی رەسەنی خۆیان تۆماردەکرێن، ئیتر بە ھۆی نەخۆشی یان سەردان یان ئاوارەیی بێت ئەوان لێرەن، بەھەمان شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ھەموو ناوچەکانی تریش دەکرێت.
ماددەی ١٤٠ کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەگەر ھەوڵ درا سەرژمێری بۆ ئەو مەبەستە و بۆ کاروباری سیاسی بەکاربھێنرێت ئەو کات رێگری یاسایی ھەیە ناھێڵێت ئەو پرسە رووبدات، بەڵام ئەگەر سیاسییەکان بیانەوێت بەزۆر شتەکان تێکەڵ بکەن ئەوە باسێکی دیکەیە، ئێمە وەکو لایەنە ھونەرییەکەی دەستەی ئامار نامانەوێت لە رووی سیاسییەوە پرسەکان تێکەڵ بکرێت و ئەگەر شتێکی وا روویدا ئەوا وەکو دەستەی ئامار لێی دەکشێینەوە و دەبێت ئەو کاتە لایەنە سیاسییەکان تەدەخول بکەن.

ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشتر لەبەر پرسیارێکی ئایینی و مەزھەبی کێشە لە سەرژمێریی و ئەنجامدانی لە چەند ساڵی پێشوو دروست بوو، ھێشتا ئەو پرسیارە ماوەتەوە لە فۆرمەکەدا؟

سیروان محەمەد: لە ٢٠١٠ لە پرسیارنامەکە مەزھەب نەبوو، نەتەوە و ئایین ھەبوو، کێشەکە لەوە بوو ھەندێک لایەنی سیاسی دەیانویست چەند پێکھاتەیەکی نەتەوەی کورد لێی بکەنەوە، واتە کورد بچووک بکەنەوە لە رێگەی دابەشکردنی بۆ چەند نەتەوەیەک، ئێمە داوامانکردووە سەرژمێری چۆن کراوە وابکرێت و ھیچ بابەتێکی سیاسی تێکەڵ نەکرێت، ئیتر قبوڵیان نەکرد ئەوان و ئیشەکە وای لێ ھات کە نەکرا، بەڵام لە فۆرمەکە پرسیاری مەزھەبی تیادا نییە، بەڵکو پرسیاری نەتەوەی تیایە بەتەنھا.

ئاژانسی ئانادۆڵو: دوایین خەمڵاندنەکانی ئێوە بۆ دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان چەند دەبێت؟، ئەی دانیشتوانی گشتی عێراق چەند کەس دەبێت؟

سیروان محەمەد: ئێمە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ راپۆرتێکمان بڵاوکردەوە خەمڵاندنی تیادابوو بۆ دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٢٠، ئەوە عێراقیش بەھەمان شێوە ئەنجامی دابوو، بۆ ساڵی ٢٠١٨ ھەرێمی کوردستان بە بێ ئاوارە و پەنابەر نەگەیشتووەتە شەش ملیۆن کەس، واتە خوارووی شەش ملیۆن کەس دەبێت، عێراقیش بەپێی دوایین خەمڵاندنی خۆیان نزیکەی ٣٩ ملیۆن و شتێک دەبێت.

ئاژانسی ئانادۆڵو: دڵنیایی لەوەی سەرژمێری لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت یان ناکرێت؟
 
سیروان محەمەد: ھەوڵەکە جیددیە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری، حکوومەتی ئێستای عێراق دەیەوێت ئەنجام بدرێت، بەڵام نازانین کاریگەریی سیاسی دواتر چی دەبێت، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ش کاریگەرییە سیاسییەکە بەو شێوەیە گەورە نەبوو تا گەیشتین نزیک بە ئەنجامدانی، وەزارەتی پلاندانان و حکوومەتی عێراق بەگشتی بەرپرسن لە سەرژمێری، مەسەلەی سەرژمێری پرسێکی حەسرییە و دەبێت حکوومەتی فیدراڵ کۆنتڕۆڵی بکات، ئەگەر نەیتوانی ئەمە بکات ئەوا ئەوان بەرپرسن لەم پرسە