کوردی | العربية | English
وۆرکشۆپی هەژاری فڕە رەهەندی (MPI)
8 September 2022

بەشداریمان کرد لە عەممان پایتەختی شانەشینی ئوردن لەگەل شاندی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە وۆرکشۆپی سێ رۆژی لە ٦-٨\٩\٢٠٢٢ تایبەت بە پەسەند کردنی یەکەم راپۆرتی  نیشاندەری هەژاری فڕە رەهەندیMPI بۆ سالی ٢٠١٨ کە بە هاوبەشی لەگەل دەزگای ناوەندی ئاماری عیراق ئامادەکرا بە هاوکاری رێکخراوی یونیسێف و زانکۆی ئوکسفۆردی بەریتانی. هەژاری فڕە رەهەندی وەک ئامرازێک بەکاردێ بۆ دەستنیشان کردنی جۆرەکانی هەژاری (نەبوونی) لە خێزان جگە لە هەژاری ماددی کە تاکو ئیستا بەکاردێ بۆ دیاری کردنی رێژە وهێلی هەژاری.

نیشاندەری هەژاری فڕەرەهەندی سالی ٢٠١٠ زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی لە لایەن دوو زانای نێودەولەتی دانرا بە ناوی ئەلکایر-فۆستەر وەک نیشاندەرێکی نێودەولەتی دانرا بۆ هەژمار کردنی نەبونیەکانی خێزان لە سێ ڕه‌هه‌نده‌وه‌:

  1. فێرکردن وپەروەردە.
  2. تەندروستی.
  3. نیشتەجێ بوون.

هەر رەهەندێک پێک دێ لە چەند نیشاندەرێک کە دوای دیاری کردنی رێژەکانیان کۆ دەکرێنەوە بۆ هەژمار کردنی هەژاری فڕەرەهەندی. ئەو سێ رەهەندە دیاری کراوە وەک سەرەکیترین رەهەند کە کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی هاوولاتیان ونەبوونی خێزان لەهەر یەکێک لەو رەهەندانە ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نیشاندەری هەژاری فڕەرەهەندی.

داوی تەواو بوونی ئەم وۆرکشۆپە وپەسەند کردنی رەشنوسی راپۆرتەکە، تیمی هاوبەشی زانکۆی ئۆکسفۆرد ویونیسێف کار دەکەن بۆ رێکخستنی بەشەکانی راپۆرتەکە کە پێکهاتووە لە دوو بەشی سەرەکی بۆ عیراق بە گشتی وبەشێکی تایبەت بو هەرێمی کوردستان تاکو مانگی ١١\٢٠٢٢ راپۆرتەکە رابگەیەنرێ. بریار وایە کە ئەم نیشاندەرە نوێ بکرێتەوە بۆ سالی ٢٠٢٣ كه‌ پشت ده‌به‌سترێت به‌ داتاكانى رووپێوى بارودۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى خێزان IHSESIII یاخود هه‌مان رووپێو ( رووپێوى هێشووى فره‌نیشانده‌رى بواره‌كان)  بریاره‌ له‌ ساڵى داهاتوو بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ تاکو گۆرانکاری لە رەهەندەکان نێوان ٥ سال بزانرێ و بەراوورد بکرێ. جێگەی باس کردنە، کە سالی ٢٠١٨ دیاری کرا بۆ رێکخستنی ئەم راپۆرتە لەبەر ئەوەی رووپێوی هێشوویی فرەنیشاندەر (MICS6) ئەو سالە جێبەجێ کرا ونیشاندەرەکانی بەکارهات بۆ هەژمارکردنی هەژاری فڕەرەهەندی ودەبوایە سالی ٢٠٢٠ رابگەینرێ بەلام لەبەر بلاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دواکەوت. ئەم نیشاندەرە لەگەل هەژاری ماددی پێکەوە سوودی لێ وەردەگیرێ بۆ دانانی سیاسەتەکان، بەرنامەکان و ستراتیجەکان لە لایەن وەزارەتەکان ولایەنەکانی نێودەولەتی و ئیستا هەژاری فڕەرەهەندی  لە لایەن چەند وولاتێک پەسەند کراو وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی دانانی پلانەکانیان.