کوردی | العربية | English
وۆرکشۆپی ئامادەکردنی رەشنوسی ستراتیجیەتی کەم کردنەوەی هەژاری
11 June 2023

رۆژانی ٦-٩\٦\٢٠٢٣ وۆرکشۆپی لیژنەی تەکنیکی ستراتیجیەتی کەم کردنەوەی هەژاری لە عیراق بە رێوە چوو لە هەولێر. لیژنەکە بۆ ٥ رۆژ کۆبونەوەی ئەنجام دا بە مەبەستی ئامادەکردنی رەشنوسی ستراتیجیەتی سێیەمی کەم کردنەوەی هەژاری بە ئامادەبونی بریکاری وەزارەتی پلاندانان لە عیراق، سەرپەرشتیاری لیژنە و نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ( کشتوکاڵ، خوێندنی بالا، کار و کاروباری کۆمەلایەتی، بازرگانی و ئاوەدانکردنەوە) لەگەل نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (سەرۆکی دەستەی ئامار و نوێنەری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی) و بە هاوکاری تەکنیکی تیمی بانکی دەولی و چەند شارەزایەکی ئەم بوارە.

 

ستراتیجیەتی یەکەم و دووەم ئامادە کرابوو بۆ جێبەجێ کردن لە نێوان سالانی ٢٠٠٩-٢٠٢٢ دوای ئەنجام دانی دوو رووپێوی تایبەت بە بارودۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی کە تیایدا هێل و رێژەی هەژاری دیاری کران و دەرکەوت کە رێژەی هەژاری لە عیراق لە ئاستێکی بەرز دایە و دابەزینی بەخۆی نەبینیوە و بۆیە بە بریاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی تەکنیکی بۆ دانانی سترتایجیەتی کەم کردنەوەی هەژاری دروست بوو تاکو ستراتیجیەتی پێویست ئامادە بکات و دواتر سەرپەرشتی جێبەجێ کردنی بکات.

جێی ئاماژە پێ کردنە هێڵ و رێژەی هەژاری دوو فاکتەری گرنگن بۆ زانینی ئاستی بژێوی هاوولاتیان و جۆنیەتی کارکردنی ئابووری ووڵات و بۆیە کەم کردنەوەی رێژەکە بوو بە یەکێک لە بەرنامە ستراتیجیەکانی وەزارەتی پلاندانان لە عیراق. بە هەمان شێوە، وەزارەتی پلاندانان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد لە کۆبونەوەکانی ئامادەکردنی ستراتیجیەتی کەم کردنەوەی هەژاری بەڵام لەبەر ئەوەی پارێزگاکانی تری عیراق رێژەکەی بەرز بوو، بریار درا کە زیاتر گرنگی بدرێ بە پارێزگاکانی خوارووی ووڵات لەگەل یەک پارێزگای هەرێمی کوردستان، دهۆک، کە لەسەر ئاستی هەرێم رێژەی هەژاری تیایدا بەرزتر بوو لە پارێزگاکانی تر.

 

ستراتیجیەتی کەم کردنەوەی هەژاری پێک هاتووە لە ( حەوت-٧) ستوون و دابەش کراوە لەسەر ئامانج و چالاکی بۆ ئەوەی بتوانرێ بەدواداچوون بکرێ بۆ شێوەی جێبەجێ کردنی لە لایەن وەزارەتەکان و پارێزگاکان و چاودێری کردنی رێژەکە بە بەردەوامی لە ماوەی دیاریکراوی ستراتیجیەکە.

لەم قۆناغەدا، بریار درا کە ستراتیجیەتی سێیەم بکرێ بە دوو بەش، یەکەمیان بۆ ماوەی ٢-٣ ساڵ بێ بۆ کارکردن لەسەر بەرنامە و پرۆژە تەواو نەکراوەکان تا ئەو کاتەی ئەنجامی رووپێوی بارودۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی خێزان، گەری سێیەم، بەردەست ئەبێ کە بریارە سەرەتای مانگی ٧\٢٠٢٣ دەست بکرێ بە کاری مەیدانی بۆ ماوەی ساڵێک و دواتر هەژمار کردنی هێڵ و رێژەی تازەی هەژاری لەسەر ئاستی پارێزگا، هەرێم و عیراق و پشت ئەبەسترێ بەو هێڵ و رێژەیە بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕگەکانی ستراتیجیەتەکە بۆ ماوەی ٤-٥ ساڵ بەرامبەر ئەو رێژە و ژمارانەی بەردەست کەوتن لەو رووپێوە و لە ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و ئاڤاهیا ئەگەر جێبەجێ کرا.

 

لێرەدا پێویستە بووترێ کە دوایین رێژەی هەژاری لە عیراق و هەرێمی کوردستان ئەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی جێبەجێ کردنی رووپێوی خێرای بارودۆخی ئابووری و کۆمەلایەتی خێزان و دوای ئەو رووپێوە نەتوانراوە رێژەی هەژاری هەژمار بکرێ لە ماوەی ٥ ساڵی رابردوودا و ئەو رێژانەی ماوە ماوە باس ئەکرێ یان روونکردنەوەیان لەسەر ئەدرێ ئەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨.