رۆژی ٤\٣\٢٠٢٤ بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی یەکەم کۆبونەوەی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان کرد لە دیوانی وەزارەتی پلاندانان لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەستەی ئاماری عیراق و ئەندامانی ژووری عەمەلیات لە هەرێم. ئامانج لەم کۆبونەوەیە خستنە رووی دوا ئامادەکاریەکان لە عیراق ودەست پێکردنی لە هەرێمی کوردستان دوای پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە لە رووی رێکەوتن لەسەر رەوانە کردنی بەشێک لە بودجەی تەرخانکراو بۆ سەرژمێری لە هەرێم لەسەر بنەمای رێژەی ١٢،٦٧% لە کۆی گشتی بودجەکە و هەروەها دوای دەست پێکردنی مەشق وراهێنانی راهێنەران کە مانگی شوبات ٢٠٢٤ لە بەغدا کرا بە بەشداری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان. کۆبونەوەکە نزیکەی ٢ کات ژمێری خایاند وتیایدا هەنگاوەکانی داهاتوو باس کران و بەتایبەتی کارەکانی بەشی زانیاری جوگرافی بۆ دیاری کردنی سنووری یەکە کارگێریەکان و دابەش کردنیان بە پێی بلۆک دوای وەرگرتنی وێنە ئاسمانیەکان لە دەستەی ئاماری عیراق لەگەڵ دەست پێکردنی هەماهەنگیەکان نێوان سەرۆکی تیمەکانی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم لەگەڵ بەرامبەرەکانیان لە دەستەی ئاماری عیراق. هەروەها، تیشک خرایە سەر چۆنیەتی ئامادەکردنی سەنتەری داتای سەرژمێری لە هەرێم هاوشێوەی سەنتەری عیراق تاکو لە کاتی دەست پێکردنی کاری مەیدانی داتاکان رەوانەی هەولێر و بەغدا بکرێن لە هەمان کات. لە دوا کۆبونەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری عیراق کە لە کۆتایی مانگی ٧ ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام درا، بریاری سەرەتایی درا کە ٢٠ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ یەکەم رۆژی دەست پێکردنی سەرژمێری بێ کە پرۆسەکە بۆ رۆژانی دواتر بەردەوام ئەبێ.
دەستەی ئاماری ھەرێم