لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز وەزیری پلاندانان بە هاوبەشی لەگەڵ جێگری نێردەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ( UNDP) لە عیراق بەڕێز ئیلیمان جاگنی و بەڕێز نیک هیگنز ڕاوێژکاری باڵای پەرەپێدان لە ئاژانسی پەرەپێدانی ئەمەریکا (USAID) لە عیراق سەرپەرشتی یەکەم کۆبونەوەی لیژنەی سەرپەرشتیاری سندوقی هاوکاری بۆ جێبەجێ کردنی نەخشە ڕێگەی ڕیفۆرمی ئابوری لە هەرێمی کوردستان کرد ڕۆژی ٢\٤\٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی پلاندانان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دەستەکانی وەبەرهێنان، گەشت و گوزار چاککردن و پاراستنی ژینگە.
لەم کۆبونەوەیە ووردەکاری جێبەجێ کردنی پلانی داڕێژراو نێوان ساڵەکانی ٢٠١٧-٢٠٢٢ خرایە ڕوو کە لایەنەکانی حکومەتی هەرێم بە هاوکاری ڕێکخراوی UNDP و ئاژانسی USAID کاریان لەسەر کردووە.
لایەنە بەشداربووەکان ئاماژەیان دا کە لەساڵانی ڕابردوو سەرەڕای ڕوبەڕووبونەوەی زیاتر لە قەیرانێک بەڵام توانرا کار بکرێ بۆ جێبەجێ کردنی بەشێک لە بەرنامەکە و بە گرنگی دەڕوانن بۆ جێبەجێ کردنی پلانی پێشنیارکراو بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ و راو بۆچوونی خۆیان خستە روو.
دوای نزیکەی ٢ کات ژمێر لە گفتوگۆ پێشنیار کرا کە کۆبونەوەی لیژنەی سەرپەرشتی ساڵی ٢ جار بکرێ بە لایەنی کەمەوە تاکو لیژنەکە بەدواداچوون بکات بۆ کارە جێبەجێ کراوەکان و هەوڵ بدرێ هەماهەنگی زیاتر دروست بکرێ لەناو لیژنەکە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان.