کۆبونەوەی ئەنجومەنی بالای دانیشتوانی عیراق لە بەغدا بە سەرۆکایەتی بەرێز سەرۆک وەزیرانی عیراق مصطفی کاظمی
9 June 2022
بە نوێنەرایەتی بەرێز وەزیری پلاندانان لە هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ دوای نیوەرۆ ٩/٦/٢٠٢٢ بەشداریمان کرد لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی بالای دانیشتوانی عیراق لە بەغدا بە سەرۆکایەتی بەرێز سەرۆک وەزیرانی عیراق مصطفی کاظمی وئەندامیەتی وەزیرانی پلاندانان، دارایی، پەروەردە، تەندروستی، وەرزش ولاوان، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی دەزگای ناوەندی ئامار. کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە پەسەند کردنی راسپاردە وپێشنیارەکانی دوا کۆبونەوەی دەستەی بالای سەرژمێری کە رۆژی ٦/٦/٢٠٢٢ بە بەشداریمان بە رێوەچوو وبریتی بوون لە کاتی ئەنجام دانی سەرژمێری گشتی لە دوا وەرزی سالی ٢٠٢٣ لەگەل راسپاردەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە. لەم رووەوە، ئاماژەمان دا کە وەزارەتی پلاندانان لە هەرێم وعیراق پێویستە هەماهەنگی بکەن وهاوکار بن بۆ ئەنجام دانی سەرژمێری لە هەموو عیراق بێ جیاوازی تاکو دەزگای ناوەندی ئامار ودەستەی ئامار بتوانن کاری خۆیان بە باشترین شێوە بکەن. هەروەها روونمان کردەوە بۆ ئامادەبووان کە رۆژی ٢٥/٥/٢٠٢٢ سەردانی بەرێز وەزیری پلاندانانی عیراق کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە باس لە ووردەکاریەکانی پلانی هاوبەشی دەزگا ودەستەی ئامار لە بواری رێکخستنی کارەکانی ئامادەکاری بۆ سەرژمێری. دواتر بەرێوەبەری گشتی پەرپێدانی مرۆیی لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق راپۆرتی ئامادەکراو لەسەر هەنگاوەکانی ئامادەکردنی رەشنوسی نوێی سیاسەتی دانیشتوان خوێندەوە کە بریتی بوون لە راسپاردەکانی دوا کۆبونەوەی ئەنجومەنی وولاتانی عەرەبی بۆ دانیشتوان وپەرەپيدان لە دانیشتنی ژمارە ١٣ کە لە قاهرە بە رێوەچوو. لەم رووەوە، ئاماژەمان دا کە وەزارەتی پلاندانان ودەستەی ئامار لە هەرێم بەرنامەیان هەیە بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی سیاسەتی دانیشتوان بۆ هەرێمی کوردستان تاکو تەواوکەر بێ بۆ ئەو سیاسەتەی عیراق هەیەتی وجێبەجێ کردنی سەرژمێری پالپشتیەکی گرنگە بۆ دارشتنی ئەم سیاسەتە. هەروەها، ب. گ. پەرەپێدانی مرۆیی کورتەیەکی باس کرد لەسەر هەنگاوەکانی وەزارەتەکانی عیراق بۆ جێبەجێ کردنی بریارەکانی کۆنگرەی نەیروبی بۆ دانیشتوان وپەرەپێدان. لە کۆتایی کۆبونەوەکە سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختی کرد کە وەزارەتەکانی پلاندانان لە بەغدا وهەولێر پێویستە یەک دەنگ بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری وبەلاوەنانی هەموو تەگەرەکانی پێش ئەم پرۆسە گرنگە.
سیروان محمد محی الدین
سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان
٩/٦/٢٠٢٢ بەغدا